باری هاریس لە وتارێکدا بۆ پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیک ئاماژە دەکات بە هەوڵەکان بۆ دووبارەکردنەوەی ستراتیژی هەواڵگریی ئەمریکا لە عێراقەوە بۆ ئەفغانستان.
باری دەڵێت ماوەیەکی زۆر نییە توندوتیژی تایەفی و پەلاماری تیرۆریستی و بۆمبی چێنراو کوشتن و رفاندن و دانانی بۆسە ببووە رووداوی ئاسایی لە عێراقدا بەڵام ئەم بارودۆخە لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا گۆڕانی گەورەی بەخۆوە بینیووە. چاودێران پێیان وایە بەشێکی ئەو سەرکەوتنانە بۆ ستراتیژی زیادکردنی هێز و بەشێکی بۆ چالاکیی هێزەکانی سەحوەی عێراق دەگەڕێتەوە. بەڵام باری هاریس لەو باوەڕەدایە کە سەرکەوتنەکان لە عێراقدا بۆ ئەو زانیارییە ئیستخباراتیە وردانە دەگەڕێتەوە کە لەکاتی گونجاودا دەگاتە دەست هێزە ئەمنییەکان و ئەگەر جاران دوژمنان دوو هەنگاو لەپێش هێزی هاوپەیمانانەوە بوونایە ئێستا بە پشت بەستن بە توانا تێکنۆلۆژییەکان، هاوپەیمانان دەتوانن لە کاتی پێویستدا رێ لە تیرۆریستان بگرن. موخابەرات و هێزەکانی پێنتاگۆن و ئاژانسەکانی هەواڵگریی ئەمریکا ، گورزی کاریگەرییان لە تیرۆریستان وەشاندووە لە عێراقدا.
نووسەر ئاماژە بە سیستمی ئیستخبارات دەکات و بە گرنگییەوە لە رۆڵی مرۆیی و تێکنۆلۆژی و جوگرافی و چاودێریی ئیستخباری دەدوێت و دەڵێت لەگەڵ پاشەکشێی سوپای ئەمریکادا پێویستە گوشاری سەر شانی هێزە مرۆییەکان کەم بکرێتەوە.
-
-
ئەو پسپۆڕە باس لە توانا مرۆییەکان دەکات و ئاشکرای دەکات کە لە سەرەتادا کارکردن لە ئیستخباراتی مرۆیی لە عێراقدا قورس بووە، و نەدەتوانرا زانیاریی ورد بەدەستبهێنرێت لە کاتی پێویستدا و ئەمەش وایکرد پەرە بە توانا ئیستخبارییە مرۆییەکان بدرێت لە هەموو ژینگەکاندا و راهێنانیان لەگەڵ بارودۆخ و کۆمەڵەکەدا و لێرەشەوە سەحوە بووە دەروازە بۆ ئیستخبارات و لێزمەی زانیاریی گرنگ دەستیپێکرد و دەرئەنجامی ئەمەش بوو کە گورزێکی کاریگەر بەر القاعیدە کەوت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو عەمیدە، ئێستا لەهەموو سریەیەکی هەواڵگریدا فەێیلێکی ئیستخیاراتی مرۆیی دروستکراوە. و بەپێویستیش دەزانرێت کە هەمان ستراتیژ لە ئەفغانستاندا پەرەی پێدرێت و هاوکات هەموو توانا هەواڵگرییەکان لە ناوەندێکی هاوبەشدا یەکبخرێت کە بتوانێت زانیارییە هەواڵگرییەکان هەموو ئەندامانی بەشداری ناتۆ لە ئەفغانستاندا کۆبکاتەوە و رێکیانبخات و سەرباری ئەمەش، وەرگێڕی پێویست بۆ هێزەکان لە ئەفغانستان دابینبکرێت.