خه‌ڵكی خه‌باتگێڕی كوردستان!
گه‌لانی ئازادیخوازی ئێران!
ئۆگرانی ئازادی و دێموكراسی له سه‌رانسه‌ری جیهان!
دوو رۆژه سه‌رانسه‌ری ئێران بۆته یه‌ك پارچه رق و قین و ناڕه‌زایه‌تی له سیاسه‌تی دژی دێموكراتیكی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی و تاران و به‌شێك له شاره گه‌وره‌كانی ئێران وه‌ك گڕكانێك به رووی پاوانخوازان و زه‌وتكه‌رانی ماف و ئازادییه‌كانی گه‌لانی ئێران‌دا ته‌قیونه‌وه. شه‌قامه‌كانی تاران بوونه‌ته مه‌یدانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رۆڵه‌كانی گه‌ل له لایه‌ك و وه‌حشیگه‌ری و ئاكاری نامرۆڤانه‌ی به‌كرێگیراوانی كۆنه‌په‌رستی و زرۆداری له لایه‌كی دیكه.
ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی و به‌ره‌نگاری‌یه دژكرده‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌و كودیتا دژی ئازادییه‌یه كه قۆڵی پاوانخوازی رێژیم به‌دژی ده‌نگی زۆرایه‌تیی ده‌نگده‌رانی خولی ده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری وه‌ڕێی‌خست. خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتوو له سی ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریی كۆماری ئیسلامی و به تایبه‌تی چوارساڵ سه‌ركۆماریی مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نیژاد له بڕیارێكی یه‌كپارچه‌دا سیاسه‌تی پاسیفی بایكۆتیان وه‌لانا و به به‌شدارییه‌كی حه‌ماسه‌یی له هه‌ڵبژاردندا "نا"یه‌كی گه‌وره‌تر له هه‌موو جاره‌كانیان به قۆڵی پاوانخوازی كۆماری ئیسلامی گوت. پاوانخوازان كه هه‌ر له رۆژه‌كانی پێش هه‌ڵبژاردنه‌وه، تێ‌گه‌یشتبوون ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌دۆڕێنن، ته‌واوی رێگاكانی پێشگیری له شكستی خۆیان گرته‌به‌ر و له په‌لاماردانی ستاده‌كانی ركه‌به‌رانه‌وه بگره هه‌تا رێگانه‌دان به چاودێره‌كانیان و فیلتێركردنی سایته‌كان و ته‌نانه‌ت داخستنی خه‌تی SMS له هیچ هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك دریغی‌یان نه‌كرد.
كاتێك هه‌مووی ئه‌م هه‌وڵانه له به‌رامبه‌ر ویستی گۆڕان و بڕیاری یه‌كپارچه‌ی ده‌نگده‌ران‌دا بێ ئاكام مانه‌وه قۆڵی پاوانخواز به كودیتایه‌كی نه‌خشه بۆ كێشراو ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ش كه بژاردنی ده‌نگه‌كان ته‌واو بێ ، به قازانجی ئه‌حمه‌دی نیژاد و به زیانی ركه‌به‌ره‌كانی راگه‌یاند و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی‌دا به راگه‌یاندنی ئاكامێكی سه‌یرو سه‌رمه‌ره و دوور له باوه‌ڕ راشكاوترین و سه‌رسه‌ختترین كاندیدای ركه‌به‌ر، واته مه‌هدیی كه‌ڕڕوبی ئه‌وه‌نده بێ ئیعتبار نیشان بدا كه گۆیا كه‌متر له یه‌ك له‌سه‌دی ده‌نگه‌كانی هێناوه‌ته‌وه.
ئاكامی هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی ده‌یه‌می سه‌ركۆماری به پێی راگه‌یاندراوی ستادی پاوانخوازان به‌م جۆره‌یه:
ئه‌حمه‌دی نیژاد 24527516 ده‌نگ (62/63% )، مووسه‌وی 13216411 ده‌نگ ( 75/33% )، موحسینی ره‌زایی 678240 ده‌نگ (73/1%) و مه‌هدیی كه‌ڕڕوبی 333635 ده‌نگ (85/0%).
له حاڵێك‌دا ئاماری سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو ئه‌م ئاكامانه‌مان ده‌خاته به‌رچاو: میر‌حوسێن مووسه‌وی 19075623 ده‌نگ (38/45%)، مه‌هدیی كه‌ڕڕوبی 13387104 ده‌نگ (85/31%)، مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نیژاد 5698417 ده‌نگ (48/13%) و موحسین ره‌زایی 3754218 ده‌نگ (93/8%)، ده‌نگی به‌تاڵیش 138716 ده‌نگ بووه. دیاره به پێی ئه‌و ئاماره هیچ كام له كاندیداكان ده‌نگی پێویستیان بۆ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێناوه و هه‌ڵبژاردن ده‌بوو بكه‌وێته ده‌وری دووه‌م، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه كاندیدای دڵخوازی قۆڵی پاوانخواز هه‌ر له ده‌وری یه‌كه‌م‌دا له مه‌یدان ده‌رچووبوو.
پێویسته لێره‌دا ئاماژه‌یه‌كیش به كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان كه به نۆره‌ی خۆیان زیاتر له به‌شه‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكی ئێران باری قورسی زوڵم و زۆر و زه‌بروزه‌نگی كۆماری ئیسلامی‌یان له‌سه‌ر شانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له حیزب و رێكخراوه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی كورد داوای بایكۆتی هه‌ڵبژاردنیان لێ كردبوون، به تێگه‌یشتنی ئه‌و راستییه كه بایكۆت هه‌ڵوێستێكی پاسیفه، به هه‌وڵ و ته‌قه‌لای رووناكبیران و بژارده‌كانی نێوخۆی وڵات و له‌سه‌ر داوای حیزبی دێموكراتی كوردستان و پارتی ئازادیی كوردستان، پاش ئه‌وه‌ی دوو له كاندیداكان له به‌رنامه‌ی خۆیاندا ئاوڕێكیان له داخوازییه‌كانی گه‌لانی زۆرلێكراو دایه‌وه په‌رده‌یان له‌سه‌ر ناهه‌قی و جیاوازیدانانی كۆماری ئیسلامی به‌دژی كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كان هه‌ڵ¬دایه‌وه به رێژه‌یه‌كی باش به‌شداری هه‌ڵبژاردن بوون و به‌شی زۆری ده‌نگه‌كانیان به قازانجی ئه‌و دوو كاندیدایه به تایبه‌تی مووسه‌وی خسته سندووقه‌كانه‌وه، كه ئێمه له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌ستخۆشیان پێ‌ده‌ڵێین و سپاسیان ده‌كه‌ین.
ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین كه به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵكی ئێران ده‌گه‌ل پاوانخوازیی نێو ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی ده‌یه‌می سه‌ركۆماری‌دا سه‌ره‌تای قۆناغێكی تازه له خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران و داڕنینی به‌رگی ترس و دڵه‌خورپه له فه‌رمانڕه‌وایی زۆردارانه‌ی دوژمنانی ئازادی و دێموكراسی‌یه. ئه‌و خه‌ڵكه تێ¬گه‌یشتوون كه ده‌ست له سه‌رده‌ست دانان و له‌ماڵ دانیشتن به ناوی بایكۆتی هه‌ڵبژاردن ناتوانێ به‌ربه‌ره‌كانییه‌كی كارساز ده‌گه‌ڵ رێژیمی زۆرداران بێ. بۆیه یه‌كپارچه هاتنه مه‌یدان و ده‌نگی خۆیان به گوێی قۆڵی بڕیاربه‌ده‌ست راگه‌یاند. كاتێكیش ده‌سه‌ڵات بێ‌حورمه‌تیی به ده‌نگی‌وان كرد و له كودیتایه‌كی ئاشكرادا ئاكامی هه‌ڵبژاردنی 180 ده‌ره‌جه به‌راوه‌ژوو نیشان دا بۆ پاراستنی حورمه‌تی ده‌نگه‌كانیان و ئه‌ستاندنی ماف و ئازادییه‌كانیان هاتنه مه‌یدان. هیوادارو ته‌نانه‌ت دڵقایمین كه ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه، به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ردرێژه و هه‌تا به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانی له هیچ كه‌ندو كۆسپێك ناسڵه‌مێته‌وه و پاشه‌كشه ناكا.
ئاواتی ئێمه ئه‌وه‌یه به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران و پاوانخوازانی نێو ده‌سه‌ڵات به‌ره‌نگارییه‌كی شارستانییانه بێ و تینووانی ده‌سه‌ڵات ده‌نگی هه‌قخوازانه‌ی خه‌ڵك ببیسن و كار نه‌كێشێته توندوتیژی، هه‌روه‌ك ئاواتمانه كاندیداكانی جێگای پشتیوانیی ئه‌و خه‌ڵكه ئازایانه له مه‌یدان‌دا بمێننه‌وه و به هاوكاری و پشتیوانیی هه‌موو كه‌سایه‌تییه ئازادبیر و ئازادیخوازه‌كانی ئێران تا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری، له پشتی راپه‌ڕینی خه‌ڵك راوه‌ستن.
له خه‌لكی تیكۆشه‌ری كوردستانیش كه هیچكات له خه‌باتی رزگاریخوازانه‌دا له هاونیشتمانه‌كانیان دوا نه‌كه‌وتوون و له سی ساڵی رابردووش‌دا سیمبوولی خه‌باتێكی نه‌پساوه و قاره‌مانانه دژی سه‌ره‌ڕۆیی كۆماری ئیسلامی بوون داوا ده‌كه‌ین به وردی چاوه‌دێریی ئاڵوگۆڕه‌كانی وڵات بكه‌ن و پێ به پێی به‌ره‌وپێشچوونی رووداوه‌كان ئه‌ركی خۆیان له خه‌باتی سه‌رانسه‌ریی گه‌لانی ئێران‌دا به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. ده‌بێ هه‌موو لا هه‌وڵ بده‌ن تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌كرێ ئه‌م ده‌وره‌یه له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی رووناكی و تاریكی و هه‌ق و ناهه‌ق به رێگایه‌كی شارستانی و دێموكراتیك‌دا بچێته پێش و ده‌ره‌تانی به‌كارهێنانی توندوتیژی و پیاوكوژی به كۆنه‌په‌رستان نه‌درێ.
هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌كان!
هێزه سیاسییه وڵاتپارێزه‌كان!
ئه‌گه‌ر له‌مێژه هاوكاری و هاوده‌نگی له نێوان چین و توێژه‌كانی خه‌ڵك و گه‌لانی ئێران به گشتی و به تایبه‌ت له نێو هێزه نیشتمانییه‌كان‌دا وه‌ك پێویستییه‌ك خۆی نواندوه، له‌م قۆناغه تازه‌یه‌ی به‌ره‌نگاریی خه‌ڵكی ئێران و حاكمییه‌تی سه‌ره‌ڕۆدا بۆته پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی. له‌م قۆناغه‌دا هه‌رجۆره بڕوبیانوویه‌ك كه ببێته كۆسپی سه‌ر رێگای پێك گه‌یشتنی لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد به تایبه‌تی و گه‌لانی ئێران به گشتی به‌رپرسایه‌تیی مێژوویی به‌دوای خۆی‌دا دێنێ. ئێمه هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی كورد بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر خێرا له ده‌وری یه‌كتر و ده‌ست پێكردنی وتووێژێكی بنیاتنه‌ر بۆ گه‌یشتن به هاوپه‌یمانییه‌كی خه‌باتگێڕانه بانگهێشتن ده‌كه‌ین و ئاماده‌یی خۆشمان بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌مووان بێ هیچ پێش مه‌رجێكی نادێموكراتیك راده‌گه‌یه‌نین.
هه‌ر له‌و كاته‌دا پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی به‌ربه‌رین له نێوان هێزه سیاسییه‌كانی سه‌رانسه‌ری ئێران دا (له ژووره‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات) به پێویستییه‌كی فه‌وری ده‌زانین و داوا ده‌كه‌ین هه‌موو لا به هه‌ستی به‌رپرسایه‌تییه‌وه ده‌ستی هاوكاری بده‌نه ده‌ستی یه‌ك و هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاریی ئێران تێكه‌ڵ بكه‌ن. پێكهاتنی حیزب و رێكخراوه ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌و پێشبردنی خه‌بات و ئیداره‌ی وڵات پاڵپشتێكی به‌هێز ده‌بێ بۆ ئه‌و رۆڵه ئازا‌و به‌جه‌رگانه كه ئه‌مڕۆ به ده‌ستی به‌تاڵ به‌گژ ده‌زگای سه‌ركوت و زه‌بروزه‌نگ‌دا ده‌چنه‌وه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا داوا له كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی لایه‌نگری ئازادی و دێموكراسی و مافی مرۆڤ ده‌كه‌ین، به‌رانبه‌ر به راپه‌ڕینی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران بێ ته‌فاوه‌ت نه‌بن و كۆمه‌ك بكه‌ن كه رێژیم نه‌توانێ ده‌نگی ئازادیخوازانه‌یان له گه‌روودا بخینكێنێ. ده‌وڵه‌تانی بڕیاربه‌ده‌ستی جیهانیش بانگ ده‌كه‌ین كه بۆ پاراستنی قازانجه ئابووری و بازرگانییه‌كانیان پشت له خه‌باتی دیموكراتیكی گه‌لانی ئێران نه‌كه‌ن و به فشارهێنان بۆ سه‌ر رێژیمی ده‌سه‌ڵاتدار ناچاری بكه‌ن مل بۆ ئیراده‌ی خه‌ڵكی ئێران رابكێشێ.
سه‌ركه‌وێ ئیراده‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران
سڵاو له ئازادی و دێموكراسی و دادپه‌روه‌ری
نه‌مان بۆ دیكتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆیی
ده‌فته‌ری سیاسیی
حیزبی دێموكراتی كوردستان
25/3/1388 (15/6/2009)