وتەبێژێک بەناوی مەهدی کەروبی، کاندیدای شکستخواردووی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران رایگەیاند حزبەکەیان رێکخستنی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی لە تارانی پایتەختدا رەتکردۆتەوە ئەویش پاش ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رێی نەدا ئەو چالاکییە سیاسییە، ساز بکرێت. هاوکات وتەبێژی دەستەی رۆحانیە خەباتکارەکانیش رایگەیاندووە بەهۆی رێپێنەدرانیان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە، پلانی رێپێوانەکەیان هەڵوەشاندۆتەوە. لەلایەکی ترەوە، (ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم) فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە نامەیەکدا کە ئاراستەی میر حسێنی موسەوی کردووە، بە هەڕەشەوە بە کاندیدا ناڕازییەکانی راگەیاندووە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر بزاوتنەکانی ئێستایان، ئەوا هێزەکانی پۆلیس بە پشت بە ستن بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، ناچار دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و وڵاتەکە، بە توندی رووبەڕوی ئەو کاندیدایانە بێتەوە. ئەم نامەیەی فەرماندەی پۆلیسی ئێران بۆ موسەوی، لە کاتێکدایە کە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆ خستۆتەوە کە باس لەوە دەکەن مۆڵەتی خۆپیشاندان بە خۆپیشاندەران درابێت. وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە وەزارەتەکەیان بەهیچ جۆرێک رێی نەداوە بە هیچ هێز و لایەنێکی سیاسیی کە لە هیچ ناوچەیەکی ئێراندا رێپێوان و خۆپیشاندان ساز بکەن. راشیگەیاندووە سەرپێچیکاران بە توندی سزا دەدرێن. پێشتریش ئایەتولڵا خامەنەئی لە وتاری نوێژی هەیندا لە تارانەوە داوای کرد خۆپیشاندانەکان کۆتایی پێ بهێنرێت و لە هەڕەشەیکیشدا ئەوەی خستەڕوو کە ئۆباڵی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە ئەستۆ پێشێلکارانی قانونەکاندا دەبێت. هەرچەندەش بەڵێنی دا کە ئەنجومەنی پاسەوانی دەستور لە رەخنە و گازندەکان بپرسێتەوە بەڵام دووپاتی کردەوە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی رەسمیی ئێرانە. هەر ئەمڕۆش ئەنجومەنی پاسەوانیی دەستور دانیشتنێکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن ئەنجامدا. لەو دانیشتە نائاساییەدا، میر حسێنی موسەوی و مەهدی کەروبی ئامادە نەبوون و پرۆسەکە تەنها بە ئامادەبوونی موحسنی رەزایی بەڕێوەچوو. لەو دانیشتنەدا بڕیاردرا ئەنجومەنی پاسەوانیی دەستور بە شێوەیەکی هەرەمەیی %10ی سندوقەکان سەر لەنوێ بژێمرێتەوە و ئەنجامەکانیان ئاشکرا بکات، بڕیاردراوە ئەو پرۆسەیە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا ئەنجام بدرێت. ئامادەنەبوونی موسەوی و کەروبی لە دانیشتنی ئەنجومەنی پاسەوانیی دەستوردا کە پێشتر بڕیاری لێدرابوو، مایەی تێڕامانە و بەبڕوای چاودێران هۆکارەکەی بۆ بێ متمانەیی ئەو دوو کاندیدایە بە دەنگەکانیان و بۆ ناباوەڕیشیان بە پرۆسەی پیاچوونەوەی سندوقەکان دەگەرێتەوە، ئەوەشی لێدەخوێنرێتەوە کە ئەو کاندیدایانە نەک ژماردنەوەی دەنگەکان، بەڵکو پوچەڵکردنەوەی هەڵبژاردنەکە و دەنگدانێکی نوێیان دەوێت: ئەمەش داوایەکە کە مەهدی کەروبیی بۆ زەمانەتی مانەوەی سیستمی کۆماری ئیسلامیی بەپێویستی دەزانێت و سەرانی رژێمیش رەتیدەکەنەوە.