سەرۆک مام جەلال برى 300 هەزار دۆلار و جێگرى سەرۆکى حکومەت برى 200 ملیۆن دیناریان تەرخان کرد بۆ نۆژەنکردنەوەى مۆزەخانەى سلێمانى .
ئێوارەى ئەمرۆ عیماد ئەحمەد جێگرى سەرۆکى حکومەت مۆزەخانەى سلێمانى بەسەرکردەوە و لەلایەن بەرێوەبەرو کارمەندانى مۆزەخانەکەوە بەگەرمى پێشوازیکرا .
جێگرى سەرۆکى حکومەت لەنزیکەوە بەشەکانى مۆزەخانەکەى بەسەرکردەوە کەنزیکەى 45 هەزار پارچە ئاسەوارى تێدا هەڵگیراوە و لەسەرئاستى عێراق دووەم مۆزەخانەیەو کۆنترین پارچەى ئاسەوارى دەگەرێتەوە بۆ 100 هەزار ساڵ لەمەو پێش . بەرێوەبەرى مۆزەخانەکە ئاماژەى بەوەدا شێوازى نمایشکردنى ئێستاى مۆزەخانەکە کۆنەو لەئێستا تەنها 1200 پارچەیان نمایشکردووەو پێویست دەکات مۆزەخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و بەشێوازێکى نوێ کە لەمۆزەخانەکانى جیهاندا هەیە بتوانن هەموو پارچە بەنرخەکان نمایش بکرێن ، بەرێوەبەرى مۆزەخانە ئەوەشى راگەیاند هەرمیوانێکى بیانى سەردانى کردوون سەرسامى خۆیى نیشانداوە لە هەرێمى کوردستاندا مۆزەخانەیەکى لەو شێوەیە هەبێت و ئەوەندە ژمارە پارچەى مێژووى بەنرخى تیادا هەڵگیرابێت بەشێوەیەکى زانستى و وتى هەندێک لەو پارچانە بەبرى 20 ملیۆن دۆلار خەمڵیندراوە و سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشى کرد کە لەماوەى چەند مانگى رابردودا بەبرى 4 ملیار دینار ژمارەیەک پارچەى شوێنەوارى گرنگى بۆکریونەتەوەو سوپاسى سەرۆک مام جەلالیشى کرد کە برى 300 هەزار دۆرى تەرخان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەى مۆزەخانەى سلێمانى .
جێگرى سەرۆکى حکومەت وێراى بەسەرکردنەوەى گشت بەشەکانى مۆزەخانەکە تەئکیدى کردەوە کە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى رۆشنبیرى گرنگى ئەم مۆزەخانەیە دەزانێت و سوپاسى بەرێوەبەرو کارمەندانى مۆزەخانەکەشى کرد کە دڵسۆزانە کاردەکەن لەپێناو پاراستنى ئاسەوارە مێژوویەکانى میللەتەکەماندا و وتى ئێوە ئەرکێکى نیشتمانى گەورەتان لە ئەستۆیە بە پاراستنى مێژووى وڵات و میللەتەکەمان و حکومەتى هەرێمیش هەمیشە پشتویانتانەوە ئەوەى پێمان بکرێت بۆ پێشخستنى کادر و چاکردنى مۆزەخانەکە بۆتان دەکەین . جێگرى سەرۆکى حکومەت رەزامەندى نیشاندا لە سەر پێدانى برى 200 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەى مۆزەخانەکەو راکێشانى رێگایەک بۆ شارى مێرقولى شوێنەوارى لەسەر لوتکەى شاخى پیرە مەگرون کە مێژووەکەى دەگەرێتەوە بۆ هەزارەى یەکى پێش زاین. داواشى لێکردن هەرچى پێداویستیەکیان هەبێت بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى کادر و دامەزراندنى کادرى تایبەت مەند بەرزى بکەنەوە بۆئەوەى لە ئەنجومەنى وەزیران بۆیان جێ بەجێ بکەن