راگەیاندنى جێگرى سەرۆکى حکومەت
سەرلەبەیانی 13/8 عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیکرد لە د. مەحمود محیەدین وەزیری وەبەرهێنانی میسرو بریکاری وەزیری دەرەو ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێن و کۆمپانیا میسرییەکان کەلەحەوت گروپی جیا پێک هاتبوون.
لەوتەیەکی بەخێرهێناندا جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەگرنگی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان وڵاتی میسر کرد، هیواشی خواست سەردانی وەفدی میوان ببێتە بناغەی پەیوەندیەکی پتەو لەبواری سیاسیی و ئابوری بازرگانیدا، دوپاتیشیکردەوە کەحکومەتی هەرێم کار بۆئەوە دەکات پەیوەندیەکی دۆستانەو هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی گرنگی وەکو میسر هەبێت، بۆ ئەوەی کۆمپانیاو وەبەرهێنە بیانیەکان لەبوژانەو دروستکردنی ژێرخانی کوردستان بەشدار بن،
لەوتەکەی خۆیدا عیماد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا کە لەهەرێمی کوردستاندا یاسای وەبەرهێنان گرەنتیەکی بەهێزی راکێشانی سەرمایەی بیانی و کارکردنیەتی لەکوردستاندا.
هەر لەو دیدارەدا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەکۆمپانیاو وەبەرهێنە میسریەکانی راگەیاند کەدەرفەتی وەبەرهێنان و بەشداریکردن لەپرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەبەردەمیاندا کراوەیە.
دواتر وەزیری وەبەرهێنانی میسر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و دوپاتیکردەوە کەگەشەکردنێکی بەچاو لەسەرجەم بوارەکان بەدیدەکرێت، لەم بوارەش وەزیری وەبەرهێنانی میسر هەرێمی کوردستانی بەنموونە هێنایەوە کەئاسایش و ئارامی تێیدا بەرقەرارە و ووتی: دەرفەتی هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەبواری ئابوری و دارایی و بازرگانی و وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان هەست پێدەکەین، ئاماژەی بەوەشدا کەهەلومەرجی کوردستان لەگەڵ مەبەستی هاتنی وەفدی میسر یەکدەگرێتەوە.
وەزیری وەبەرهێنانی میسر روونیشیکردەوە کەوەفدەکەیان لەحەوت گروپی سەرەکی پێک هاتووە بۆ بوارەکانی ئابوری و دارایی و ئاوەدانکردنەوو گەشتوگوزارو پلاندانان و نەوت و گازو کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک، لەکۆتایدا هیواشی خواست کەپەیوەندی دورودرێژی نێوان گەلی کورد و میسر زیاتر گەشە بکات کەبۆ رۆژگاری سەرکردەی کۆچکردوو جەمال عەبدولناسر دەگەڕێتەوە، ئەم سەردانەی خۆشیان وەکو گرنگی پێدانی سەرۆکی میسر محەمەد حوسنی موبارەک بەگەلی عیراق و پەیوەندی دۆستانەی هەردوو لا وەسفکرد.
دوابەدواى ئەوەش وەفدیى حکومەتى میسر هاورێ لەگەڵ جێگرى سەرۆکى حکومەت گەشتێکیان بەناو شارى هەولێردا کرد بۆئەوەى لەنزیکەوە ئەو پێشکەوتن و گەشەکردنانەى لەگشت بوارەکاندا بەدەست هاتون ببینین ، لەدرێژەى ئەو گەشتەدا سەردانى قەڵایى هەولێریان کرد و لەوێش مۆزەخانەى رستن و چنیان بەسەر کردەوە کە مۆزەخانەیەکى کەلەپوریە و تێدا چەندین پارچەى بەنرخى مافورو جل و بەرگى کوردى تێدا نمایش کراوە و سەردانى چەند بەشێکى قەڵاکەشیان کرد کە شوێنێکى مێژووى گرنگە لە کوردستان دا .